مەئموورێکی هێزە ئینتزامییەکان لە سنووری شاری ورمێ کوژرا

21:08 - 17 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری ورمێ کوژرا.

ماڵپەڕی \"شهدای ناجا\" لە هەواڵێکدا باسی لە کوژرانی یەکێک لە مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی خۆی بە ناوی \"مەیسم نژادوەلی‌\" لە سنووری شاری ورمێ کرد.

بە پێی ماڵپەڕی \"شهدای ناجا\"، ئەم ڕووداوە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بەفرانبار، لە کاتی کونتڕۆڵ کردنی سنوورەکان لە ورمێ کوژراوە.

ئەم مەئموورەی هێزە ئینتزامییەکان لە دەورەی ٥٩ی دەرەجەداری پایگای ئامووزشی \"ثامن‌الائمە\"ی شاری مەشهەد دەورەی ئامووزشی بینیووە.
\"مەیسەم نژاد‌وەلی\"ئەندامی گرووهانی پاراستنی هەنگی سنووری شاری ورمێ بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ڕاپۆرتێکی ورد سەبارەت بە چۆنییەتی و هۆکاری کوژرانی ئەم مەئموورەی هێزە ئینتزامییەکان لە لایەن هەنگی سنووری شاری ورمێ بڵاو نەکراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ١٩ کەس لە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سەرەتای ئەمساڵدا هەتا ئێستا، لە سنوورەکانی کوردستان و ئێران کوژراون.

هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، هۆکاری کوژرانی ئەم ١٩ کەسەیان لە بەیاننامەیەکی جیادا بۆ \"شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی دژبەری حکوومەت\"، ڕاگەیاندووە.

لە کۆی ئەو ١٩ کەسە، ٨ کەسیان لە سنوورەکانی کوردستان کوژراوان، کە هێزە نیزامییەکان، کوژرانی ئەو ٨ کەسەیان بۆ \"شەر و تێکەڵچوونی چەکدارانە لە گەڵ هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" گەڕاندووەتەوە.