مەئموورانی ئەمنییەتی هێرشیان کردە سەر زیندانییانی مانگرتووی زیندانی ورمێ

16:21 - 23 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای ئەوەی زیندانیانی سیاسی زیندانی ورمێ بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو، مانیان لە خواردن گرتبوو، بەرەوڕووی هێرشی مەئمووران و گاردی تایبەتیی نیو زیندان بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ، لە کاتێکدا زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ لە ساڵڕۆژی تیرۆرکرانی عەبدولڕەحمان قاسملوودا مانیان لە خواردن گرتبوو، گاردی تایبەتی و مەئموورانی نێو زیندان هێرشیان کردوونەتە سەرو بێ حورمەتییان پێ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ مەئموورانی گاردی تایبەت و مەئموورانی نێو زیندان بە بیانووی گەڕان بە شوێن مۆبایلدا، هێرشیان کردۆتە سەر بەندی زیندانییە سیاسییەکان و ئەزیەتیان کردوون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، زیندانییە سیاسییەکان تەنیا بەهۆی مانگرتنەکەیانەوە بەرەوڕووی ئازار و ئەزیەتی مەئمووران نێو زیندان و گاردی تایبەت بوونەتەوە.

رۆژی ٢٢ی پووشپەڕ زیاتر لە ٣٠ کەس لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە تیرۆرکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، بە شێوەیەکی هێمایی لەو رۆژەدا مانیان لە خواردن گرتبوو.