مەئموورانی ئینتزامیی پێشیان بە پاسکیل لێخۆڕینی کچان لە مەریوان گرت

16:24 - 2 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران جارێکی دیکە پێشان بە پاسکیل لێخۆڕینی کچان لە شاری مەریوان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی گەلاوێژ، کچانی پاسکیل سوار لە دەورووبەری گۆلی\"زرێبار\"ـی شاری مەریوان لەگەڵ پێشگرتنی پۆلیسی ئەو شارە بەرەڕوو بوونەوە.

مەئموورانی ئینتزامیی بە پێشگرتنی کچانی پاسکیل سوار بەو وانیان ڕاگەیاندووە:\"پاسکیل لێخۆڕینی کچان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغەیە\".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی ئینتزامیی پاش پێشگرتن لە ئەو کچانە، دەستیان بە سەر پاسکیلەکانیان داگرتووە.

ساڵی ڕابردوو، مەئموورانی ئینتزامیی چەند جارێک پێشیان لە لێخۆڕینی پاسکیل ژنان و کچان لە شوێنە گشتییەکانی شاری مەریوان گرتبوو.

گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، مەئمووانی ئینتزامیی پێشیان لە کچانی پاسکیل سوار شاری مەریوان لە کەمپینی گشتیی \"ڕۆژێک بە بێ ماشین\" لێ گیرا.

مەئموورانی ئینتزامیی وێڕای پێشگرتن لە بەشداری ژنان و کچان، ژمارەیەک لەو کچ و ژنانە کە لە کەمپینی ڕۆژێک بەبێ ماشین بەشداریان کردبوو، دەستبەسەر کرد.

ئەو هەوڵەی مەئموورانی ئینتزامیی لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و ژنان شاری مەریوان بەرووڕوو بووە و ئەمەش بوو بە هۆی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی ئامێز کە هەزار و ٤٠٠ کەس ئەو بەیاننامەیان واژۆ کردبوو.

پێشنوێژی مزگەوتی \"جامعەی \"شاری مەریوان\"مامۆستا مستەفا شێرزادی \"لە نوێژی هەینی ڕۆژی ٨ی گەلاوێژ ساڵی ڕابردوو، ڕاگەیاند: \"لێخۆڕینی پاسکیل لە لایەن ژنانەوە لە شوێنە گشتییەکان تاوانە و دەبێت بەرپرسان و ئیدارەی وەرزش و لاوان کەشێکی شیاو و داپۆشڕاو بۆ ئەو ژنانە کە پاسکیل لێدەخۆڕن دابین بکەن\".

پاش ئەو ڕووداوە شوێنێک بە ناوی\"پارک بانوان\" بۆ کچانی پاسکیل سوار لە شاری مەریوان تەرخان کرا و چالاکانی ژن، ئەو شوێنەیان نە تەنیا بە مافی بەرانبەری خۆیان نەزانی، بەڵکوو ئەو کارە لە درێژەی گەڵاڵەیەک دەبینن، کە ژنان دەخاتە پەراوێزەوە و ژنان لە وەرگرتنی مافی مرۆیی خۆیان دوور دەخاتەوە.