مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شنۆ هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد

14:44 - 24 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کەسێک‌یان بەناوی قاسم نەوموسڵمان، دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ رایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای سووکایەتی کردن بە ئەندامانی بنەماڵەی قاسم نەوموسڵمان، ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەشیان پشکنیوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، مەئموورانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات بە مەبەستی دەستبەسەر کردنی کوڕێکی قاسم نەوموسڵمان بەناوی \"حوسێن نەوموسڵمان\" چوونەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەڵام ئە وهێزانە، قاسم نەوموسڵمانیان لەبری کوڕەکەی دەستبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هەتا ئێستا شوێنی راگیرانی قاسم نەوموسڵمان روون نەبۆتەوەو هێزە ئیتلاعاتییەکانیش رایانگەیاندووە کە قاسم نەوموسڵمان بە مەرجی خۆ بەدەستەوەدانی کوڕەکەی، ئازاد دەکرێت.