مەئموورانی شارەداریی سنە کرێکارێکی کورد ئاگر دەدەن

20:52 - 2 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی شارەداری بە ئاگردانی خانووی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە بوونە هۆی سووتانی لە سەدا ٧٠ی جەستەی کرێکارێکی کورد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢ی خەرمانان، مەئموورانی شارەداریی شاری سنە، خانووی هاووڵاتییەکی کوردیان ئاگردا.

شایەتحاڵەکانی ئەو ڕووداوە بە هەواڵنێری کوردپایان لە شاری سنە ڕاگەیاند: سێ کەس لە مەئموورانی شارەداریی شاری سنە، پاش ڕشتنی بەنزین بە سەر خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەوڵی ئاگردانی ئەو خانوویانە داوە و لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون.

ئەو ڕووداوە لە گۆڕەپانی \"نەبووەت\"، شەقامی \"لالە\"، کۆڵانی \"بابایی\" ڕووی داوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، لەو ڕووداوەدا، جەستەی کرێکارێک لە سەدا ٧٠ تووشی سووتاوی بووە و هەنوکە لە نەخۆشخانە لەژێرچاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کرێکارە کوردەی \"موسلیح حوسێنی\" ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکار ئاگردانی خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن مەئموورانی شارەداریەوە ناڕوونە.