\"مەم‌و زین\" شاکاری ئەدەبیاتی کوردی وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی

15:27 - 31 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دیوانی\"مەم‌و زین\" بەرهەمی ئەحمەدی خانی و شاکاری ئەدەبیاتی کوردی وەرگێڕدرایە سەر زمانی فارسی و چاپ و بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عەبدولخالق ڕەحمانی، نووسەرو وەرگێڕی کورد خەڵکی شاری سەقز دیوانی\"مەم و زین\"ی ئەحمەدی خانی نووسەری ناوداری کوردستانی کردە فارسی.

وەرگێڕانی دیوانی\"مەم و زین\" ماوەی سێ ساڵی خایاندووە و لە چوارچێوەی کتێبێکی ٢٠٥ لاپەرەییدا و لەلایەن بڵاڤۆکی\"بیریار\" لە شاری سەقز ١٠٠٠ بەرگی لێ چاپ و بڵاوکرایەوە.

\"\"
عەبدولخالق ڕەحمانی، نووسەر و وەرگێری کورد
وەرگێڕانی فارسی ئەو کتێبە لەلایەن فەرهەنگسەرای هونەری ئەندێشەی شاری سەقز بڵاو و دیزاینی بەرگی ئەو کتێبە یەکێک لە بەرهەمەکانی هادی زیائەدینی پەیکەرتاشی دەست وپەنجە ڕەنگینی کوردە.

عەبدولخالق ڕەحمانی وەرگێڕی دیوانی\"مەم و زین\" سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەو شاکارە ئەدبییە کوردە دەڵێت:\"مەم و زین\" شاکاری گەورەی ئەحمەدی خانی کە ٢٧٠٠ دێڕ لە خۆ دەگرێت و لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵات ناسەکان لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە لە ئاستێكی بەرزدایە و لە هەموو ڕەهەندەکانی حەماسی، خواناسی و بارهێنانی لە چوارچێوەی ڕووداوێکی عاشقانە دەدرەوشێتەوە\".

\"مەم و زین\" ناوی یەکێک لە چیرۆکەکانی خۆشەویستییە کە بە زاراوەی کرمانجی زمانی کوردی لە سەدەی ١٧ی زایینی لەلایەن ئەحمەدی خانییەوە نووسراوە.

ئەو شاکارە ئەدەبییەی کورد تا ئێستا وەرگێڕدراوەتەوە سەر زۆربەی زمانەکانی زیندووی دونیا بە تایبەتی زمانەکانی رووسی، فەرانسەوی. ئاڵمانی و ... .

دیوانی \"مەم و زین\" لەلایەن\"عەبدوڵڕحمان شەرەفکەندی\"ناسراو بە مامۆستا هەژار بۆ سەر زاراوەی سۆرانی وەرگێڕدراوتەوە.