مەسعوود کوردپوور: هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ هەر چەشنە ناڕەزایەتیی دەربڕینێک لە شارەکانی کوردستان جێگیر کراون.

14:45 - 16 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەوانێک و چالاکێکی مافی مرۆیی لە شاری مەهاباد، هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی، بۆ قەدەغە ڕاگەیاندنی ڕووماڵی هەواڵی ناڕەزایەتییەکان، بە هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دەزانێ.

مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد لە وتووێژێکدا لەگەڵ \"دویچەوێلە\" پرسی قەدەغەی ڕووماڵ کردنی هەواڵی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، لە کاناڵی تێلگرامی\"ئاژانسی موکرایان\" بۆ بڕیارێکی وەزارەتی ئیتلاعات گەڕاندەوە.

ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە دەڵێت: کرماشان لە یەکەمین شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە کە لە ناڕەزایەتییەکان بەشداری چالاکانەی هەبووە و ڕاپۆرتەکان باس لە زۆرترین دەسبەسەر کردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی سنە، کرماشان و ئیلام دەکەن.

کوردپوور هەروەها ئەوەش دەخاتە ڕوو کە، دروشمگەلێک کە لە شارەکانی کوردستان دەدەرێت لەگەڵ شارەکانی دیکەی ئێران جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە هەروەها دەڵێت: هێشتا لە قوڵایی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی بە شێوەی بەربڵاو ڕووی نەداوە و سەرەڕای ئەوە لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران هێزە ئەمنیەتییەکان بەرچاو دەکەون بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک.

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، خوسرەو کوردپوور، بەرێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی ئاژانسی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگەی تەلەفۆن \"هەڕەشەی ئەمنییەتیی\" لێ کرا.

لەم پێوەندییەدا بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە ئەو نارەزایەتییانە نایاسایین و هیچ ڕەواییەکییان نییە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار لەو بارەوە قەدەغەیە.