مەسعوود نیکخا ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان دووبارە دەسبەسەر کرایەوە

11:43 - 23 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، "مەسعوود نیکخا" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، هێزە ئەمنیەتییەکان چوونە سەر ماڵی ئەو چالاکە سێنفییە و پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، ئەویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی مەسعوود نیکخا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، بێئاکام بووە".

دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، بە دانانی کەفاڵەت لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە سێنفییە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بانەمەڕ، لەگەڵ ئەسکەندەر لوتفی و شەعبان محەممەدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و شەعبان محەممەدی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە سێنفییە پاش دەسبەسەری لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە لە شاری سنە کرابوو.

مەسعوود نیکخا لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو و لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە فەرهەنگییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.