مەسعوود شەمس‌نەژاد لە زیندان ئازاد کرا

14:56 - 22 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود شەمس‌نەژاد پارێزەری کوردی خەلکی شاری ورمێ، پاش تەواو کردنی ماوەی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار، مەسعوود شەمس نەژاد، سەرئەنجام پاش ٤ مانگ دەستبەسەری و تەواو بوونی حوکمەکەی، بە یەکجاری لە زیندان ئازاد بوو.

مەسعوود شەمس نەژاد كۆتاییەكانی رەزبەری ئەمساڵ بانگهێشتی بەشی ئیجرای ئەحکام کراو و بۆ كێشانی ماوەی حوکمەکەی، کە ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری بوو، رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ‌ كرابوو.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مۆڵەتی پارێزەریی مەسعوود شەمس نەژاد، کە لەلایەن دادگای ئینتزامیی پارێزەرانەوە هەڵپەسێردرابوو، هەتا ئێستاش بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە.

ئەو پارێزەرە کوردەی خەڵکی ورمێ، رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ دادگایی کراو رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ بە تۆمەتی \"چالاکیی تەبلیغی بەدژی نیزام و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان\" بە ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراو رێکەوتی ١ی پووشپەڕیش ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا وەکوو خۆی پشتراست کرایەوە.

دوابەدوای دادگایی کرانی مەسعوود شەمس‌نەژاد، عوسمان موزەیەن، ساڵح نیکبەخت و عەباس جەماڵی سێ پاریزەری پلە١ی لە دادگاکانی ئێران پارێزەریی دۆسیەکەیان گرتە ئەستۆ.

مەسعوود شەمس‌نەژاد کە پارێزەریی بەشێک لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ لە ئەستۆ گرتبوو، پرۆسەی دەستبەسەر کران و دادگایی کردنەوەکەی ناڕەزایەتیی بەرینی ناوەند و کەسایەتییەکانی داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

لە ماوەی رابردووداو لە میانەی مانگرتنی ٢٨ زیندانیی سیاسیی زیندانی ورمێدا، مەسعوود شەمس‌نەژاد بۆ پشتیوانی لە داخوازیی ئەو مانگرتوانە، مانی لە خواردن گرتبوو.