مەسعوود شەمس‌نژاد دەسبەسەر کرا

13:29 - 20 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی پلە یەکی دادگوستەری خەڵکی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری خەڵکی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

پاش دەسبەسەر کردنی ئەو پارێزەرە کوردە، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە شوێنی کار و ماڵەی شەخسی ناوبراو و پاش پشکنین، هێندێک کەرەستە و دۆسیەی پارێزەریان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو پارێزەرە پلە یەکی دادگوستەریە، ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەری ساڵی ٩٣ی هەتاوی دادگایی کرا و ٢٣ی بانەمەڕی هەمان ساڵ بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە بە ٤ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ١ پووشپەڕی هەمان ساڵ، حوکمەکەی بە شێوەی فەرمی لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە.

عۆسمان موزەین، ساڵح نیکبەخت و عەباس جەماڵی سێ پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پارێزەری دۆسیەی مەسعوود شەمس‌نژادیان لە ئەستۆ گرتووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ساڵی ٩٣، مەسعوود شەمس‌نژاد، پاش ٤ مانگ مان زیندانی و کۆتایی هاتنی ماوەی زیندانییەکی لە زیندان ئازاد کرا.

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری، بەدانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.