مەسعود شەمس نژاد بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

21:23 - 28 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی پلە یەکی دادگا خەڵکی شاری ورمێ دوای ناڕەزایەتی بە کاتی دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، مەسعود شەمس نژاد پارێزەرێکی پلە یەکی دادگا بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

مەسعود شەمس نژاد بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.

ساڵح نیک‌بەخت، پارێزەری ناسراوی کورد بە بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە باسی لەوە کردووە؛ ناوبراو ١٧ی ڕێبەندان دەسبەسەر کراوە و لە ماوەی یەک مانگدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا لێکۆڵینەوەی لێکراوە و دۆسیەکەی دواتر بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ دەنێردرێت.

نیک‌بەخت باسی لەوە کردووە ناوبراو بە تۆمەتی پڕۆپاگەندا دژی نیزام و تەناهیی نەتەوەیی هاوکات لەبەرچاوگرتنی پێشینەی مەحکوومیەتی بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان، ئەم پارێزەرە کوردە بۆ لقی ئیجرایی ئەحکامی دادگایی ئینقلابی ورمێ بانگهێشت و حوکمی ٦ ساڵ و چوار مانگ زیندان پێ ڕاگەیەندرا.

دادگایی کردنی مەسعود شەمس‌نژاد ١١ی ڕێبەندان بێ‌بوونی پارێزەر لە لقی ٣ی دادگایی ئینقلابی ورمێ بەڕێوەچووە و دادگا بە پشت بەستن بە مادەکانی ۴۹۹ و ۵۰۰ یاسایی سزادانی ئیسلامی ئەو حوکمەی بۆ ناوبراو دەرکردووە.

دەرچوونی حوکمی ٦ ساڵ و چوار مانگ زیندان بۆ ئەم پارێزەرە بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دۆزگەری ورمێ بووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، مەسعود شەمس‌نژاد، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە شاری ورمێ دەسبەسەر و پاش تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرابوو.