مەزهەر خالقی سەرپەرستیی پرۆژەیەکی کۆکردنەوەی کەلەپوووری \"نا ماددی (غیر ملموس)\" دەکات+وتووێژ

19:20 - 5 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەنستیتۆی کەلەپووری کوردی لە شاری سلێمانی بە مەبەستی پاراستن و هێشتنەوەی ئاسەوارە کەلەپوورییە ناماددییەکانی کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیەکی کەلەپوورییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی رابردوو لێژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دروست کردنی پردی پەیوەندیی لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ، سەردانی ئەستیتۆی کەلەپووری کوردیان لە شاری سلێمانی کرد.

لێژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسایەکی تایبەت و هاوکات مەزهەری خالقی هونەرمەندی ناسراوی کرد لەو پەیوەندییەدا سەرپەرستیی پرۆژەیەکی کۆکردنەوەی کەلەپوورە ناماددییەکانی کوردستان دەکات.

رۆژی رابردوو مەزهەر خالقی لە ئەنستیتۆی کەلەپووری کوردی لە شاری سلێمانی رایگەیاندبوو، کەلەپوور بڕبڕەی پشتی هەر نەتەوەیەکە، نەتەوەی کوردیش دەتوانێ بەردی بناغەی بە دەولەتبوونی خۆی لەم رێگەیەوە دابنێت.

رێبوار حەمە تۆفیق، بەرپرسی بەشی چاپ و لێکۆڵینەوەی ئەنستیتۆی کەلەپووری کوردی لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەشی چاپ و لێکۆڵینەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک ئایینی، چیرۆک و ئەدەبی فۆلکلۆر و کەمینە نەتەوەییەکان، پەندی پێشینیان و داب و نەریت و هۆنراوەی میللیدا کە پەیوەندییان بە فەرهەنگی کوردییەوە هەبێت، چالاکی دەکات.

\"22891.jpg\"
رێبوار حەمە تۆفیق، بەرپرسی بەشی چاپ و لێکۆڵینەوەی ئەنستیتۆی کەلەپووری کوردی
ناوبراو لە وڵامی پرسیارێکدا کە بە چ شێوەیەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە میراتی فەرهەنگی ناماددی کۆدەکەنەوە، رایگەیاند: \" لە رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانەوە نوێنەرمان هەیەوە و وەکوو کارمەند کار بۆ ئەنستیتۆ دەکەن\".

هەروەها گوتیشی، کە ئەستیتۆی کەلەپووری کورد هێندێک جار کەسانی شارەزای فەرهەنگی کورد رادەسپێرێ کە لەسەر بابەتێکی دیاریکراو لێکۆڵینەوە بکات و بەرهەمەکەشی بە مەبەستی پارێزگاری کردن بداتەوە بە ئەنستیتۆ\".

ئەو بەرپرسە رێگەیەکی دیکەی بۆ کۆکردنەوەی ئاسەوارەکان بەم شێوەیە باس کرد، \"ئەو بوارانەی وەک جولەبرگی کوردی، فۆڕمی فۆلکلۆری کوردی، پیشەگەرییەکانی کوردی کە هەتا ئێستا ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە، بە شێوەی بە کۆمەڵ کاری بۆ دەکرێ\".

ناوبراو گوتیشی، لێژنەیەکی تایبەتیمان بۆ ئەدەبی زارەکی هەیە، کە هەموو ئەو وشە و زاراوە کەلوپووریانەی هەتا ئێستا ئاوڕێ لێ نەدراوەتەوە، کۆ دەکرێتەوەو لە ساڵی داهاتوودا لە قاڵبی فەرهەنگێکی چەند بەرگیدا تۆکمەدا لە چاپ ئەدرێ.

ئەنستیتۆی کەلەپووری کوردی ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و هەتا ئێستا ١٩٧ کتێبی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کەلەپووری نا ماددی (غیر ملموس)دا چاپ کردووە.