مەریوان/ هێزە نیزامیەکانی ئێران گیانی کاسبکارێکی سەرسنووریان ستاند

21:36 - 21 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، جیگیر لە سنووری مەریوان، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لە ئۆتۆمبیلی کاسبکارێکی کورد بە ناوی جەماڵ ڕاستخانە کوڕی حەسەن، بووە هۆی گیان لەدەست دانی.
ئەو ڕووداوە کاتژمێر ١٠ی شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەرشیو ڕووی‏داوە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: \"چەکدارانی سەر بە هێزی بەناو \"کالای قاچاق\" بە بێ ‏هۆ ئۆتۆمبیلی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٣ ساڵەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و جەماڵ دەستبەجێ گیان لەدەست دەدا.

لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە: \"ئەو هاووڵاتییە، ژن و ٢ منداڵی هەیە و بۆ بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی، جاروبار سەودای کاڵای هاوردەی سەرسنووری کردووە.

سەرچاوەیەکی کوردپا لە ڕێگای تەلەفۆنەوە گوتی کە دوێنێ‏شەو، ئۆتۆمبیلی ئەو کاسبکارە هیچ شتێکی تێدا نەبووە و ‌هێزەکان بە گۆترەیی تەقەیان کردووە.

تا کاتی ڕێکخستنی ئەم هەواڵە، تەرمی ئەو هاووڵاتیەی خەڵکی گوندی \"دووپلوورە\"ی سەر بە مەریوان، لە پزیشکی یاسایی شاری سنە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.