مەریوان/ هونەرمەندێکی کورد کۆچی دوایی کرد

14:39 - 12 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی دەنگخۆشی کورد لە خانەی بەساڵاچووانی شاری سنە بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەکۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١١بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، یەکێک لە هونەرمەندانی کورد بە ناوی \"بەختیار ڕەوشەن\" ناسراوە بە \"بەختیار مینە چەقۆ\" خەڵکی گوندی \"کۆڵان\" سەر بە شاری مەریوان لە خانەی بە ساڵاچووانی شاری سنە ماڵئاوایی لە کۆڕی هونەرمەندان و لایەنگەرانی هونەر کرد.

\"29266.jpg\"
مامۆستا بەختیار لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی کۆڵانە سەر بە شاری مەریوان لە دایک بووە و لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، چەند ساڵێک دەبێتە پێشمەرگە و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەڕێوە دەبات.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە سەرەتای تەمەنی گەنجەیەتیدا بە هۆی ناکام بوون لە خۆشەویستیدا، هەتا کۆتایی تەمەنی ژیانی هاوبەشی پێک نەهێنا وهەروەها بە هۆی هەژاری و دەسکورتی کۆتاییەکانی تەمەنی لە خانەی بەساڵاچووانی شاری سنە تێپەڕ کرد.

سەر لە ئێوارەی دوێنی، تەرمی ئەو هونەرمەندە کوردە لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی شاری مەریوان و هونەرمەندان و لایەنگەرانی هونەر، لە شوێنی لە دایکبوونی لە گوندی کۆڵانەی بە خاک ئەسپێردرا.

یەکێک لە گورانەییە بە ناوبانگەکانی ئەو هۆنەرمەندە \"نیا بارانە\".

\"29268.jpg\"