مەریوان/ ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد پاش دەستبەسەر کران + وێنـــه

15:08 - 8 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی هەورامان و دانیشتووی شاری مەریوان، پاش ٨ رۆژ لە دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەک بەناوی \"سەعدەدین ئەسپەرناک\" رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە دووکانەکەیدا لەشاری مەریوان دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ناوبراو سەرجەم دووکانەکەیان پشکنیوە و دواتر بە چاو بەستراوی رەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

\"14273.jpg\"
سەعدەدین ئەسپەرناک،هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی هەورامان و دانیشتووی شاری مەریوان
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بنەماڵەی سەعدەدین چەندین جار داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ رۆڵەکەیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکان هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کرانی ناوبراو نەدرکاندووە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتــریش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

لەلایەکی دیکەوە لە چارەنووسی هاووڵاتییەک بەناوی \"رەحــیم میرزایی\" خەڵکی گوندی \"سەرهوویە\"ی شاری سنە کە ١٠ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی ٨ رۆژی رابردوودا ٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەناوچە کوردنشینەکانی ئێــران دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە رێــژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران و نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.