مەریوان/ ناوەندی ڤەژین فستیڤاڵێکی وێنه‌ به‌ مۆبایل بەڕێوە دەبات

20:15 - 11 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین لە شاری مەریوان، بەمەبەستی پەرەپێدانی هونەری وێنەگری، فستیڤاڵێک بەڕێوە دەبات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ناوەندی فەرهەنگی - هونەریی ڤەژین لە بانگەوازێکدا، رایگەیاندووە؛ کە دووەمین فستیڤاڵی ساڵانەی \"وێنە بە مۆبایل\" لە ئاستی ئوستانی کوردستاندا رێک دەخات.

ئەو ناوەندە فەرهەنگییە، داوای لە هەموو هۆگرانی هونەری وێنەگری کردووە، کە هەتا رێکەوتی ٢٠ی رەشەمەی ئەمساڵ بەرهەمەکانیان هاوپێچ لەگەڵ مۆدێلی مۆبایلەکەیان بە ناونیشانی ئینتێرنێتیی [email protected] رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی فستیڤاڵەکە بکەن.

بەڕێوەبەرانی فستیڤاڵەکە رایاناگەیاندووە، بابەتی فستڤاڵەکە ئازادە و هەر کەسێک دەیهەوێ لەو فستیڤاڵەدا بەشداری بکات، دەتوانی هەتا سێ وێنە بە بابەتی جۆراوجۆرەوە بنێرێت.

ناوەندی فەرهەنگی – هونەریی ڤەژین، کە بە یەکێک لە چالاک‌ترین ناوەندە فەرهەنگییەکان لە ئاستی کوردستاندا دێتە ئەژمار، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک چالاکیی فەرهەنگی و هونەریی وەک: کۆڕی رێز لێنان لە هەنەرمەندان، بەرز راگرتنی شەوی یەلدا و کۆمەڵێک خولی فێرکاریی زمانی کوردی، مۆسیقا و شێعری کوردی لە شاری مەریوان بەڕێوە بردووە.

ئەو ناوەندە هاوینی ئەمساڵ چەندین خولی زمانی کوردی بەڕێوە برد، که‌له‌ سێ ئاستی پۆلی یه‌ک \"ڕێنووس\" - پۆلی دوو \"ڕێنووسی لاتین و ڕێزمان\" و پۆلی سێ \"زمان و ئه‌ده‌بیات\" پێکهاتبوو.