مەریوان/ بەردەوامیی رووخاندنی خانووبەرەی هاووڵاتییانی کورد

19:53 - 1 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەم جارە مەئموورانی شارەوانی لەشاری مەریوان بە هاوکاریی هێـــزە ئینتزامییەکان ماڵی هاووڵاتییەکی ئەو شارەیان تێک رووخاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٦ی سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕ خانووبەرەی یەکێک لە کارمەندانی شارەوانیی شاری مەریوان بەناوی \"شەریف ئیبراهیمی\" لەلایەن مەئموورانی شارەوانی و هێزە ئینتزامییەکانەوە تێک درا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خانووبەرەیە مڵکی ئیدارەی شارەوانی بووە کە یەکێک لە کارمەندانی ئەو ئیدارەیەی تێدا نیشتەجێ بووە، بەڵام لەلایەن شارەوانییەوە بە چەند کەسێک بەناوەکانی \" م . ش \"، \"د . ر \"، \"ف . س \" فرۆشراوە و ئەو کەسانەش حوکمی \"چۆڵکردنی بێمۆلەت\"یان لەدادەگای شار وەرگرتووە و رۆژی رابردوو بە کەڵک وەرگرتن لە دەزگایەکی لۆدێر خانووەکەیان تێک داوە.

\"14113.jpg\"
سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەو خانووە ٥ ساڵ پێش ئێستا بڕیار بوو بەبڕی پێنج میلیون و پێنسەدو شەست هەزار تمەن بە دانیشتووی خانووەکە بفرۆشرێت، بەڵام بەهۆی ئەوە کە چەند کەس لە کارمەندانی شارەوانی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە نرخی خانووەکە دەربڕیبوو، شارەدار بەشێوەی موزایدە ئەو خانووەی فرۆشتبوو.

دەگوترێت هەنووکە بنەماڵەی \"شەریف ئیبراهیمی\" هیچ شوێنک بۆ ژیان شک نابەن و تەنانەت زۆربەی کەلوپەلی نێو ماڵەکەشیان بۆ دەرنەچووە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە و یەکشەممە چەندین خانووبەرە لە گەڕەکەکانی \"قەرەقاج\" و \"شارەکی دانشگا\" لەلایەن مەئموورانی شارەوانی و هێزە ئینتزامییەکانەوە بە پشتیوانیی چەند دەزگا لۆدێر تێک رووخێندرابوو.