مەریوان؛ پشکنینی ماڵی سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

17:22 - 26 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار، ماڵی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرید پەروازە"، "ئەحمەد پەروازە" و "حەسەن نیک‌ پەی" خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پشکێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی چوونەتە ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکانیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەو سێ هاووڵاتییەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە".

لە ماوەی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هەوڵی بانگهێشتکردنی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی داوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە هاووڵاتییانی بانگهێشتکراو بەڵێننامەی فەرمیی لەمەڕ بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمەکان لە گوندی "نێ" وەرگرتووە و هەڕەشەی لێ کردوون کە لە ئەگەری پێبەندنەبوون بەو بەڵێننامەیە دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن.