مەریوان وەک شاری کڵاش ناوی تۆمار کرا

16:02 - 26 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کڵاشی (مەریوان) وەکوو بەرهەمە پیشە دەستییەکانی پارێزگای سنە لە نێو بەرهەمە جیهانییەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ تۆمار کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شاری مەریوان وەکوو شاری پیشە دەستییەکان لە نێو بەرهەمە کەوناراو گەشتیارییەکانی ئێران تۆمار کرا و ئەو شارە وەکوو شاری کڵاش لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە لەئاستی جیهانیدا تۆمار کرا.

هەواڵدەریی \"ئیرنا\" لە زاری سەید موحسێن عەلەووییەوە ڕایگەیاند: کڵاشی مەریوان وەکوو بەرهەمێک لە پیشە دەستییەکانی پارێزگای سنە لە نێو بەرهەمە جیهانییەکانی ڕێکخراوی یونسکۆ تۆمار کراوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، جیهانی بوونی کڵاش و مەریوان وەکوو شاری جیهانی ئەو هونەرە، سەرەڕای سەرنجدانی زۆر بەو پیشە ٢هەزار ساڵەیە، بووەتە هۆی ئەوەیکە هونەرەکانی دیکە و بەرهەمە کەوناراییەکانی ئەو شارە لەلایەن گەشتیارەکانی جیهان بایەخی پێ بدرێت.

بە وتەی سەید موحسێن عەلەوی، بوونی ٤هەزار و ٣٥٥ کڵاش‌چن لەو شارە یەکێک لە گرینگترین پوتانسییەلەکانی تۆماری کڵاش وەکوو هونەرە و شاری مەریوان وەکوو شاری پیشە دەستییەکانی جیهانە.

عەلەوی هەروەها ڕایگەیاندووە: هەتا ئێستا چوار شاری ئێران وەکوو مەشهەد بە شاری بەردە بەنرخەکان، ئیسفەهان بە شاری جیهانی پیشە دەستییەکان، تەورێز شاری فەرش و لاجین وەکوو شاری سوفاڵ لە ڕێکخراوی جیهانی یونسکۆ تۆمار کراون و مەریوانیش وەکوو شاری کڵاش و پیشە دەستییەکان وەکوو پێنجەمین شار تۆمار کراوی ئێران لە ناو ئەم لیستە دایە.

کڵاشی هەروامی وەک بەشێک لە پیشە دەستییەکان، مێژووەکەی بۆ دوو هەزار ساڵ پێش لە کوردستان دەگەڕێتەوە کە لە دوو بەش دروست دەکرێت.