مەریوان؛ "ئومید سەعیدپوور" خانەنشینکراوی فەرهەنگیی پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعاتی سپا ئازار و ئەشکەنجە درا
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، ''ئومید سەعیدپوور'' خانەنشینکراوی فەرهەنگیی خەڵکی مەریوان، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیتلاعاتی سپا و ڕۆیشتنی بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە توندی بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە بووەوە.
شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی لێدانی ئەو مامۆستایە خانەنشینکراوە ڕایگەیاند: ''بەبێ هیچ هۆکارێک ناوبراویان بردووەتەوە ژوورێکەوە و چەندین کەس بە شۆکێری کارەبایی، دەستیان بە لێدان و ئەشکەنجەکردنی "ئومید سەعیدپوور" کردووە، بە جۆرێک کە شارژی ئەو شۆکێرە تەواو دەبێت و لە شۆکێرێکی دیکە کەڵک وەردەگرن و بەبێ پاراستنی کەرامەتی ئینسانی و ئەخلاقی، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە داوە''.
ئەو شورایە هەروەها ڕایگەیاندووە: ''کاتێک چەند جار لە شان و سەر و ملی "ئومید سەعیپوور" دەدەن، ناوبراو حاڵەتی دەروونی تێک دەچێت و هێزە ئەمنییەتییەکان لە ترسان ژوورەکە بەجێ دەهێڵن، تەنیا کەسێک لەوێ دەمێنێ کە بە زۆرەملێ هەندێک بەڵگەی دروستکراوی خۆیانی پێ واژۆ دەکات و پێی دەڵێت کە پێویستە ئەو بەڵگانە واژۆ بکەیت کە بە ساغی و سڵامەتی ئیتلاعاتی سپات بەجێ هێشتووە.
ئەو خانەنشینکراوە فەرهەنگییە پاش ئازادکردنی سەردانی نەخۆشخانە دەکات و پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە، هێزە ئەمنییەتییەکان پەیوەندیی بە پزیشکی ئۆرژانسەوە دەکەن.
شوورای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفیی فەرهەنگییانی ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان، بەو بەڵگانە دەیانهەوێ حاشا لە چی بکەن، ڕاستییەکان ڕوون و ئاشکران.