مەریوان؛ هاووڵاتییەکی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:31 - 30 خەرمانان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی ناڕازی بە ناوی "خەبات وەیسی" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی "گوڵچێر"ی مەریوان، کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، بە تەقەی هێزەکانی گاردی دژە شۆڕش، بریندار کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەروو کە ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی، بە برینداری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، خەبات وەیسی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ،  بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تەمەنی هەتا کاتی دادگایەکەی، ئازاد کرابوو.