مەریوان؛ نەوید کۆنەپۆشی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:08 - 12 بەفرانبار 2721

ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانبار، چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی "نەوید کۆنەپۆشی"، خەڵکی مەریوان بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کوردە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا.

نەوید کۆنەپۆشی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی "دەسپێراگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەر، ناوبراو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

نەوید کۆنەپۆشی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "ڕەشەدێ" سەر بە مەریوان و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە.

ناوبراو پیشینەی ١٠ ساڵ چالاکی لە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانی هەیە.