مەریوان؛ عەبدولڕەحمان ئەفشار و عەبدولڕەحمان ئەشتەک بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران

15:43 - 21 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان ئەفشار" و "عەبدولڕەحمان ئەشتەک"، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی مەریوان ئازاد کران.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراوان "هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی سەرماوەز، ئەو دوو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان، بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرابوون.

ناوبراوان لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری بوون.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، عەبدولڕەحمان ئەفشار و عەبدولڕەحمان ئەشتەک، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.