مەریوان؛ سەلاح ئازادی بە دانانی کەفاڵەت ئازاد کرا

11:22 - 28 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، "سەلاح ئازادی" چالاکی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، بۆ داکۆکی لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی لە لقی ١ی لێپرەسی دادگای ئینقلابی ئەو شارە ئامادە و لە کۆتایی لێپرسینەوەکەی بە دانانی کەفاڵەت هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سێنفییە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە هاوکاران و ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، لە لقی ١ی لێپرسی دادگای ئینقلابی مەریوان ئامادە ببوون.

"سەلاح ئازادی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، تێکدانی بیروڕای گشتی و لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی فیلم و وێنە" بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری مەریوان کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە، سەلاح ئازادی بانگهێشتی پۆلیسی فەتای مەریوان کرابوو و پاش لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو، هەروەها دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ١ی لێپرسی دادگای ئینقلابی مەریوان کرابوو.

پاش بانگهێشتکردنی ئەو چالاکە سێنفییە، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی هەر جۆرە بانگهێشت و دۆسیەسازیی ئەمنییەتی- سیاسی بۆ چالاکانی سێنفی، خوازیاری ڕاگرتنی دەسبەجێی دۆسیەسازیی ئەمنییەتی بۆ سەلاح ئازادی و تەواوی چالاکانی سێنفیی سەرتاسەری ئێران بوو.