مەریوان بە هانای مانگرتووانی پیرانشار و بانەوە چوو

15:16 - 9 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکاران و دووکاندارانی شاری مەریوان بە نیشانەی پشتیوانی لە دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی پیرانشار و بانە بە نیسبەت داخرانی سنوورەکان، چووە پاڵ مانگرتووانی ئەو دوو شارە.

بەپێی هەوڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ڕەشەمە، دووکانداران و بازاڕیانی شاری مەریوان بە هۆی داخستنی سنوورەکان ناڕەزایتی و مانیان گرت.

لەو مانگرتنەدا، پاساژەکانی خورشید زرێبار، کوردستان و پاساژ شارەداری داخراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بژیوی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەریوان لە ڕێگای ئەو سنوورانە دابین دەکرێت کە ماوەیەکی زۆرە بە هۆکاری نادیار داخراوە.

ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە، دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی بانە و پیرانشار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕینی بە هۆی داخستنی سنوورەکان مانیان گرتووە.

کەمپینی مانگرتنی گشتی کاسبکاران و کۆڵبەران کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داواکاری کۆڵبەران و کاسبکارانی بەم شێوەیە خستەڕوو:

_کردنەوەی سنوورەکان بەبێ هیچ پێش مەرجێک.
_کاسبکارانی زیندانی کراوە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
_پێداویستی تەواوی بێکاران لە خۆراک و جلوبەرگ هەتا دەوا و دەرمان و کرێ خانوو و قوتابخانە هەتا کاتی دۆزینەوەی هەڵی کار دەوڵەت دەبێت دابینی بکات.
_سەدان کۆڵبەر و کاسبکاری کوژراو، کە زەر و زیانی ماڵی و جیسمیان بەرکەوتووە دەبێت بۆیان قەرەبوو بکرێتەوە.
_ تەواوی ئەو کرێکار و کاسبکارانەی کە تەمەنیان لە سەرەوەی ١٦ ساڵە، دەبێت پارەی بێکاری بیانگرێتەوە.
_دەسەڵاتدران ئەرکیانە بۆ کاسبکاران و خەڵکی زەحمەتکێش کە تەمەنیان لە سەرەوەی ٦٦ ساڵە پارەی خانەنشینی دابین بکات.
_تێچووی ئاو و کارەبا و گاز و کرێ خانوو تەواوی ئەو کەسانە کە بێکارن، بە هۆی نەخۆشی و یان نەبوونی کار، ئەرکی دەوڵەته بۆیان دابینی بکات.