مەرگی گوماناویی مامۆستایەکی زانکۆ لە شاری پاوە

15:20 - 27 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی زانکۆی پەیام‌نووری شاری پاوە کە خەڵکی گوندی داریانی سەربەو شارە بوو، بە شێوەیەکی گومانی گیانی لەدەست دا و کەسانی نزیک لەو بنەماڵەیە لەمەڕ هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو مامۆستایە، لە ناوەندە ئەمنییەکان بە گومانن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موقەدەس یووسفی، خوێندکاری قۆناغی دوکتورای پلانڕێژیی دەرسی و مامۆستای قوتابخانەکان و زانکۆی پەیام‌نووری شاری پاوە، رۆژی رابردوو بەشێوەیەکی تەمومژاوی گیانی لەدەست دا.

ماڵپەڕە ناوچەییەکان هۆکاری گیان لەدەست دانی ئەو مامۆستا کوردەیان بۆ راوەستانی دڵ راگەیاندووە، ئەوە لە کاتێکدایە، کە خزم و کەسوکاری دەڵێن کە موقەدەس هیچ نەخۆشی و کێشەیەکی نەبووە، کە تووشێ راوەستان دڵ هاتبێت.

\"22151.jpg\"
موقەدەس یووسفی، خوێندکاری قۆناغی دوکتورای پلانڕێژیی دەرسی و مامۆستای قوتابخانەکان و زانکۆی پەیام‌نووری شاری پاوە
مەرگی موقەدەس، گومانی لای کەسووکاری دروست کردووە، کە ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری پاوە، هۆکاری گیان لەدەست دانی ناوبراو بن.

بە گوتەی کەسانی نزیک لە موقەدەس یووسفی، \"ناوبراو بەهۆی ئەوەی کەسێکی کوردی لێوەشاوەو بە توانای شاری پاوە لە بواری پلانڕێژیی دەرسی و پەروەردەییدا بوو، دەزگا ئەمنییەکان هەوڵی لەناوبردنیان داوە\".

موقەدەس یووسفی کە خوێندکاری قۆناغی دوکتورای پلانڕێژیی زانکۆی تاران بوو، دەیان وتاری زانستی و لێکۆڵینەوەیی لە بوارەکانی \"پەروەردە، پلانڕێژیی دەرسی و فێرکاریی زمانی ئینگلیزی\"دا لە وێبلاگەلانی خۆیدا بڵاو کردبوویەوە.

بە گوتەی کەسوکاری ئەو مامۆستایەی زانکۆی پەیام‌نووری پاوە، لە کاتێکدا ناوبراو خێزاندار و باوکی دوومنداڵ بوو، بەهۆی دەستکورتییەوە خانووەکەی بۆ دابین کردنی تێچووی زانکۆی، فرۆشتبووو بە مەبەستی دابین کردنی تێچووی خوێندنی لە زانکۆی تاران، خانووەکەشی فرۆشتبوو.

پێشتریش لە رێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ساڵی رابردوودا، هوومەن گوودەرزی دوکتورای کۆمەڵناسیی خەڵکی شاری گیلانغەربی ئوستانی کرماشان، پاش چەند کاتژمێر لە ئازادکرانی لە ئیتلاعاتی ئەو شارە، بە شێوەیەکی تەمومژاوی و لەسەر شەقام گیانی لەدەست دا.

لەکاتێکدا پزیشکەکانی نەخۆشخانە هۆکاری گیان لەدەست دانی هوومەن گودەرزییان جەڵتەی دڵ راگەیاندبوو، بەڵام کەسووکاری ئەو راوێژکارەی قەزایی زیندانی دیزڵ ئابادی كرماشان، لەو باوەڕەدابوون بەهۆی ئەوەیکە هیزە ئەمنییەکان پێشتریش بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردی دەستبەسەریان کردبوو، لەلایەن ناوەند ە ئەمنییەکانەوە کوژرابێت.