مەرگی گوماناویی سێ کەس لە رۆژێکدا لەشاری مەریوان و بەدوادانەچوونی ناوەندە حکوومییەکان

14:28 - 10 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەردەوامیی مەرگی گوماناویی هاووڵاتییان و نەبوونی بەدواداچوونی ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەڕ هاتنە ئارای ئەو رووداوانە، ئەگەری دروستبوونی باندێکی مەترسیدار لەو شارە بەهێزتر دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو، رێکەوتی ٩ی بانەمەڕ، تەرمی کەسێک بەناوی سامان ئیبراهیم‌پوور تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی گەڕەکی \"گوڵشەن\"ی شاری مەریوان، بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە.

لەلایەکی کاتژمیر ٨ و نیوی ئێوارێی هەمان رۆژ، سەربازێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بەناوی کاوە کەریمیان، لە کاتێکدا بە هەڵواسین هەوڵی خنکاندنی درابوو، لە گەڕەکی تەپەی مووسک دۆزرایەوە، کە روانەی نەخۆشخانەی بووعەلی ئەو شارە کراوە.

هەروەها و لە هەمان رۆژدا، تەرمی سەربازێکی خەڵکی کرمان بەناوی محەمەد حوسێنی، کەلە پادگانی شاری مەریوان سەرباز بووە، بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.

لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ رۆژی رابردووشدا، تەرمی ٤ کەسی دیکەی خەڵکی مەریوان و کەسیکیان بەناوی عەبدوڵلا واحیدی، کە سەرباز بووە و ئەوانەی دیکەش، کە دانا خونکە، فەتحوڵلا خەیاڵدۆز و بێهرووز بروومەندی بوون، بە هەڵواسراوی دۆزرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەریوان بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ هەر چەند ئەم حاڵەتانە لەلایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە خراونەتەوە خانەی خۆکوژییەوە، بەڵام ئەوەیکە مەرگی سەرجەم ئەم کەسانە بە هەڵواسراوی و لە رێگەی تەنافی شینەوە بووە، خەڵکی شاری مەریوانی پەشۆکاندووە و ترس و دڵەراوكی لای خەڵک دروست بووە.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی، بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری مەریوان لەبری بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە، بەوپەڕی \"بێشەرمی‌یەوە\" ئەم حاڵەتانە بە خۆکوژی لە قەڵەم ئەدەن.

رۆژی سێشەممە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان هەواڵێکیان لەژێر ناوی \"دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنە زنجیرەییەکانی مەریوان\" بڵاو کردەوە، کە لە ناوەرۆکی هەواڵەکەدا، بەرپرسانی هێزی ئینتزامی و حکوومەتی سەرجەم ئەو حاڵەتانەیان بە خۆکوژی لە قەڵەم دابوو.

دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە، کە ئەم کردەوانە لەلایەن گروپێکی ئیسلامیی توندڕەوەوە یان گروپێکی هاوشێوەی \"هیوا تاب\" لە ناو هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت‌دا ئەنجام ئەدرێن، کە بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو پەیوەندییەدا، ترسی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.