مەرزیە مورادوەیسی بۆ جیبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کرا
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی خەرمانان، مەرزیە مورادوەیسی، ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" پاش بانگهێشتکردنی بۆ بەڕێوەبەریی یاسای دادگای ئینقلابی سنە، دەسبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە، کرا.
دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" مەرزیە مورادوەیسی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" و "ڕێکخستنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتبار و بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی بانەمەڕ، پێی ڕاگەیەندرابوو.
پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بەو حوکمە، حوکمی مەرزیە مورادوەیسی لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، بۆ ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی گۆڕدرا.
دوایین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ئەندامەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوە چووبوو.
مەرزیە مورادوەیسی ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕی سآڵی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.