مەحیەدین ئیبراهیمی دوای دوو ڕۆژ لە ئیتلاعاتی سپا گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ورمێ

11:25 - 5 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی جۆزەردان، مەحیەدین ئیبراهیمی زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام خەڵکی شاری شنۆ، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی ورمێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "لە هۆکاری ڕاگواستنی ئەو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران زانیارییەک بەدەست نەهاتووە".

ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردان، "مەحیەدین ئیبراهیمی" زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، خەڵکی شاری شنۆ، لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، مەحیەدین ئیبراهیمی لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووەوە.

مانگی خەرمانانی ٩٩، حوکمی ئێعدامی "مەحیەدین ئیبراهیمی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێـ"ـی شاری شنۆ، لە لقی ١٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە.

دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵای وڵات، بۆ دادگای شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو زیندانییە ڕەوانە کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ دووەمین جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام مەحکووم کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، بانگهێشتی بەشی مەدەدکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧ لە دیوانی باڵای وڵات پێشێل کراوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە بۆ لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێ کرابوو.

بەدواداچوونی دووبارە بۆ دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی "شێخلو" بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران" جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو.

مەحیەدین ئیبراهیمی، پاش برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و بەبێ تەواوکردنی دەوا و دەرمانەکەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ گوازرایەوە و بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، دادگاییکردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەر بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

ساڵی ٨٩ ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی " ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی شاری ورمێ ئازاد کرابوو.

هەروەها ساڵی ٩٦، برایەکی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە بە ناوی "نوورەدین ئیبراهیمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە کاتی کاسبیکردن گیانی لەدەست دابوو.