مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی بێتاوان ناسێندران

10:29 - 27 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان، مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی دوو چالاکی کرێکاری خەڵکی سەقز لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە لە تۆمەتی "تەبلیغ دژی نیزام" بێتاوان ناسێندران.

دادگا بەپێی ئەوەیکە تۆمەتیان وەپاڵداراوە بەپشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتیی ئێران و مادەی یاسای ئایینی دادرەسیی کەیفەری ئەو دوو چالاکەی بێتاوان ناساندووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لە لقی سێی لێپرسی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە پاش سێ کاتژمێر دادگایی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کران.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە بانگهێشتنامەیەکدا بۆ لقی سێی لێپرسی دادگای ئینقلابی سەقز، بانگهێشتی ئەو ناوەندە قەزاییە کرابوون.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان لە زیندانی سەقز ئازاد کرابوون.