مەحموود ساڵحی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز كرا

15:32 - 6 بانەمەڕ 2712
كوردپا: مەحموود ساڵحی چالاكی كرێكاری دوای سەردانەكەی بۆ فەرانسە و گەڕانەوەی بۆ ئێران، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات كرا.

ساڵحی كە لەسەر بانگهێشتی ژمارەیەك سەندیكای كرێكاری سەردانی وڵاتی فەرانسەی كردبوو، دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران دوو جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز كراوە.

كۆمیتەی رێپۆرتێرانی مافی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، مەحموود ساڵحی رایگەیاندووە، من هیچ تاوانێكم نەكردووە و پێویست ناكات سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بكەم.

چالاكانی كرێكاری لەو باوەڕە دان ماوەیەكە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران زەخت و گوشاری خستۆتە سەر كرێكاران و داكۆكیكارانی ئەو توێژە و زیاتریش ئەو هەوڵانە بۆ پێشگرتن لە بەڕێوە چوونی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی كرێكار 12‌ی بانەمەڕ (1ی مانگی مەی)یە.

هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەری \"خانەی كرێكار\"ی شاری مەهاباد رایگەیاندووە، فەرمانداری مەهاباد ئیزنی نادا \"خانەی كرێكار\" رێوڕەسمی رۆژی تایبەت بە كرێكار بەڕێوە ببات.

سەعید مستەفا نژاد رایگەیاند، هەموو ساڵێك خانەی كرێكار لە شاری مەهاباد ئەو رێوڕەسمەی بەڕێوە بردووە، بەڵام ئەمساڵ فەرمانداری مەهاباد ئیدیعای ئەوەی كرد كە دەبێ‌ ئەو رێوڕەسمە وەزارەتی كار بەڕێوەی ببات.

بەپێی دوایین ئامار و زانیارییەكان لە سەرەتای ساڵی 1391ەوە لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران و لە شارەكانی: كرماشان، سنە، بۆكان، مەهاباد، قەسرشیرین، قوروە و... نزیك بە 1400 كرێكار لەسەر كار دەركراون.