مەجید کەریمی چالاکی سێنفیی مامۆستایان لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:43 - 11 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مەجید کەریمی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - سنە و کەڵاتەرزان، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایان لە سنە، بۆ بەدواداچوون لەمەڕ بارودۆخی "مەسعوود فەرهیختە" لە بەردەم بینای ئیتلاعاتی سپا کۆ بوونەوە و لەلایەن چەند کەس لە لیباس شەخسییەکان بە ماشینێک لە جۆری "پێژۆ" ڕفێندراوە.

مەسعوود فەرهیختە مامۆستای ئیسلامشار و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی هاوئاهەنگی و کۆمیتەی دانوستانکار بۆ ئازادکردنی مامۆستایانە کە بۆ دانوستانکردن لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی سنە هاتبووە سنە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان، مامۆستایان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەرانبەر بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە سنە بەڕێوە برد و خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی و وەدەستهێنانی مافەکانیان بوون.

مامۆستایان لەو کۆبوونەوەیەدا ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ دەسبەسەرکردنی مەسعوود نیکخا، ئەسکەندەر لوتفی و شەعبان محەممەدی، لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان کوردستان- مەریوان دەربڕی و بە دانی دروشمی "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت" خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی مامۆستایانی زیندانیکراو بوون.

هەروەها بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لەلایەن مەجید کەریمی لەمەڕ پشتیوانی لە مامۆستایانی زیندانکراو خوێندرایەوە.