مەتین حەسەنوەند زیندانیی سیاسیی خەڵکی شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

12:14 - 16 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕ، مەتین حەسەنوەند، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ، هەوڵی خۆکوژیدا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو زیندانییە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ، لە زیندانی ورمێ هاتبووە مەرەخەسی و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوه.

ئەو هاووڵاتییە لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ سەرباز ببوو، لە ساڵی ١٣٩٩ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو زیندانییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

مەتین حەسەنوەند دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامەییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ماکۆ مەحکووم کرابوو.

ئەو سەربازە "شنۆ"ییە سێ ساڵ لە ٥ ساڵ زیندانییەکەی لە زیندانی ورمێ تێپەڕاندبوو.

مەتین حەسەنوەند پاش سێ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی ماکۆ دوورخرابوو.

سەرچاوەی ئاگاداری "کوردپا"ی لە شنۆ ڕایگەیاند: جەنازەی مەتین حەسەنوەند بۆ نەخۆشخانەی شنۆ ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.