مەترسیی گیانی لەزیندانییەكی سیاسیی كورد دەكرێ‌

14:51 - 16 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: دۆخی جەستەیی زیندانییەكی سیاسیی كوردی مەحكووم بەئێعدام لەگرتووخانەی ورمێ‌لەوپەڕی خرابی دایە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشكی لەدەرەوەی زیندان هەیە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، عەلی ئەفشاری ماوەی چوار ساڵە لەدەستبەسەری دایە و لەو ماوەیەدا تووشی چەندین نەخۆشی بووە و بە بەردەوامی بەرپرسانی گرتووخانە و ناوەندە ئەمنیەتییەكان رێگرییان لەچارەسەری پزیشكی ئەفشاری لەدەرەوەی زیندان كردووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەكاتی دەستبەسەركردنیدا بە گولـلەی هێزە ئەمنیەتییەكان بریندار بووە و لەماوەی ئەو چوارساڵەدا بە بەردەوامی شوێنی برینەكانی چڵكی كردووە.

\"21301.jpg\"
عەلی و حەبیب ئەفشاری دوو زیندانی مەحکووم بە ئێعدام
لەحاڵی حازردا عەلی ئەفشاری بەهۆی چڵك كردنی \"ریە\"‌كانی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و دەوترێت ئەگەر نەشتەرگەری بۆ نەكرێت لەگەڵ كێشەی هەناسەدان بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی عەلی ئەفشاری لەگەڵ سێ برای دیكەی بەناوی حەبیب، جەعفەر و وەلی ئەفشاری ( خەڵكی ناوچەی ئاڵەشینی بۆكان) لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران.

عەلی و حەبیب ئەفشاری لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" لەرێگەی پڕوپاگەندە بۆ حیزبێكی كوردی ئوپۆزسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوكمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە.

ئەو دوو برایەی دیكەش هەر كام بە پێنج ساڵ زیندان حوكم دران.

عەلی ئەفشاری لەماوەی دەستبەسەركردنیدا بەبەردەوامی تووشی فشار و ئەشكەنجە بۆتەوە و بەوتەی كەسێكی نزیك لەو بنەماڵەیە، هێزە ئەمنیەتییەكان فشارییان خستۆتە سەر عەلی ئەفشاری و هاوسەرەكەی و پێیان وتوون دەبێ‌لەیەك جیا ببنەوە.

ساڵی رابردووش عەلی ئەفشاری بە هۆی سەختی برینەكانییەوە و هەروەها چڵك كردنی ئەندامانی جەستەی رەوانەی بێهداری كرابوو و پاش ١ رۆژ مانەوە لە بێهداری، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌كرابوو.