مەترسیی ماددەی ژەهراویی سیانوور بۆ سەر گیانی کرێکارانی کانگەی زێڕی تیکاب

14:24 - 25 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارانی کوردی کانگەکانی زێڕی تیکاب لەدۆخێکی زۆر نالەبار دان و مەترسیی مادەی سیانوور بۆ سەرگیانی ئەو کرێکارانە نوێنەری ئەو شارستانەی لەمەجلیس، هێناوەتە دەنگ.

نوێنەری شارەکانی تیکاب، سایین قەڵا و میاندوا لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران خوازیاری بەدواداچوون بە دۆخی خراپی کرێکارانی کانگەکانی زێڕی تیکاب بوون، کە بەردەوام لەگەڵ مادە ژەهراوەییەکان تێکەڵاون.

کرێکارانی ئەو دوو کارگەیە بە مەبەستی جیاکردنەوەی زێڕ لەخۆڵ و خاشاک ومادەکانی‌تر، کەڵک لەمادەی سیانوور وەردەگرن و ئەو مادە ژەهراوییەش دەتوانێ‌کاریگەریی لەسەر هەناسەی و بەشە ناوخۆییەکانی لەشی کرێکاران دابنێ‌.

بەوتەی چالاکانی کرێکاری، کرێکارانی کوردی کانگەکانی تیکاب لە بوونی جلی تایبەت بە جیاکردنەوەی زێڕ لە خۆڵ و خاشاک بێبەرین و ئەو \"ماسک\"‌انەی کە دەبێ‌هەر ٢٤ کاتژمێر بگۆردرێن، لەماوەی شەش مانگدا دەگوڕدرێن.

نوێنەری شاری تیکاب لەمەجلیسی ئیسلامی، بە هەواڵدەریی فارسی راگەیاندووە، هەتا ئێستا ژمارەیەک کرێکار بە هۆی هەڵمژینی مادەی سیانوور و \"جیوە\"‌وە گیانیان لەدەست داوە و لە زۆر حاڵەتیشدا کرێکاران بە فەرغوون سیانوور بۆ شوێنی بەرهەمهێنانی زێر دەگوازنەوە.

شارستانی تیکاب خاوەنی دوو کانگەی زێڕی \"زرە شوران و ئاغدەڕە\"‌یە و بەوتەی هاووڵاتییانی تیکاب داهاتی ئەو دوو سەرچاوەیە بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران دەبردرێ‌و بۆ هاووڵاتیان و شارستانی تیکاب خەرج ناکرێ‌.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەو دوو کانگە بەنرخە لە نزیک شارستانەکانی سایین قەڵا و تیکاب هەڵکەوتووە، بەڵام ئەو دوو ناوچە کوردنشینە بە هەژارترین و بێبەریترین شوێنەکان دێنە ئەژمار.

بەوتەی کرێکارێکی کانگەی زێڕی \"ئاغدەڕە\"، \" ئێمە بە ناچاری روومان لەو کارە کردووە و سەرەڕای مەترسییەکانی خاوەن کارەکان \"بیمە\"شمان ناکەن و زۆر جاریش بە زۆرەملێ‌وەدەرمان دەنێن\".

ماوەی چەند مانگ لەمەوبەر ژمارەیەکی بەرچاو لەکرێکارانی کانگەی زێڕی ئاغدەڕەی تیکاب لەسەر کار دەرکران و ئەو کرێکارە کوردانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەبەردەم فەرمانداری ئەو شارستانە کۆبوونەوەیان پێک هێنابوو.

کانگەی زێڕی ئاغدەرە ماوەی ٨ ساڵە چالاکیی هەیە و ساڵانە دوو تۆن زێڕی ٢٤ عەیار بەرهەم دەهێنێت و کانگەی \"زرە شوران\"‌یش بە گەورەترین کانگەی زێڕ لەرۆژهەڵاتی ناڤین دێتە ئاژمار.