مەترسیی لەناوچوونی یەکجاریی کانیی بڵ لە هەموو کاتێک بەهێزترە

21:14 - 2 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەپارێزیی کرماشان، هەواڵی ئەگەری لەناوچوونی یەکجاریی کانیی بڵی بەهۆی دروستکرنی بەنداوی داریان لەسەر ئەو کانییەی بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای داخوازیی چالاکانی ژینگەپارێزی لەمەڕ رزگاریی کانیی بڵ، رۆژ لەدوای رۆژ ئەگەری لەناوچوونی ئەو کانییە سروشتییە زێدەتر دەبێت.

بەڕێوەبەری ژینگەپارێزیی ئوستانی کرماشان، لەم بارەوە وتی: ئەگەری لەناوچوونی کانیی بڵ بەهۆی دروستکردنی بەنداوی داریان، لە هەموو کاتێک بەهێزترە.

غوڵامحسێن کازمی لەبارەی کردەوەکانی کارگێڕی بەنداوی داریان بە هەواڵدەریی \'\'ئانا\'\'ی راگەیاندووە: کارگێری بەنداوی داریان وتوویەتی ئاوی کانیاوی بڵ بۆ سەرێ رادەگوێزن و کۆمەڵیک هەوڵ لەمەڕ رزگاریی ئەو کانیاوە ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەو کانییە چیدیکە وەکوو پێشوو نابێت و لە حاڵەتی سروشتیی خۆی دەردەچێت.

ناوبراو وتوویەتی: مۆڵەتی کۆتایی هەڵسەنگاندنی ژینگە بۆ پرۆژەی راگواستنی ئاوی بڵ دەرنەچووە و راپۆرتەکەشی تەواو نەکراوە و واژۆی کۆتایی رێکخراوی ژینگەشی لێ نەدراوە.

پێشتریش لە سەردانی بەرپرسی رێکخراوی گشتیی ژینگەی ئێران بۆ ئوستانی کرماشان، رێکخراوە مەدەنییەکان خوازیاری رزگاریی کانیی بڵ بوون.

توێژینەوە رزگاردەرەکان لە ساڵی ٨٠ی هەتاوییەوە بەردەوامن و لەم ١٤ ساڵەدا هیچ ئەنجامێکی رزگارکەری نەبووە و تێکڕای رێکارە پێشنیارکراوەکان لە راستای پاراستنی کانیی بڵ نەبووە و بە پێچەوانەوە لە راستای لەناوچوونی ئەو کانییە بووە.

کانیی بڵ کەلە ١٥ کیلۆمیتریی شاری نۆدشە و ٣ کیلۆمیتریی گوندی مێژووی ــ مەزهەبیی \'\'هەجیج\'\' هەڵکەوتووە، سێ هەزار لیتر لە یەک چرکە ئاو هەڵدەهەنجرێت و پاش تێپەڕکردنی ١٥ میتر دەڕژێتە رۆخانەی سیروانەوە.

خاوەن هەڵوێستە بە ئەزموونەکان، هوشدارییان داوە کەلە ئەگەری لە ناوچوون و رووخاندنی کانیی بڵ، پەرچەکرداری سیاسی ــ کۆمەڵایەتیی گەورەی بۆ ناوچەکە بە دواوە دەبێت.

بەنداوی داریان لە شەش کیلۆمیتریی باشووری رۆژهەڵاتی لە حاڵی دروستکردن دایە و لە ئەگەری گرتنەوەی، درێژیی دەریاچەی ئەو بەنداوە دەگاتە ١٠ کیلۆمیتر.