مەترسیی بڕینەوەی لاقی زیندانییەکی سیاسیی کورد زیاتر بووە

22:03 - 21 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە دەستبەسەریدایەو مەترسیی بڕینەوەی لاقێکی لێ دەکرێت، لەگەڵ وتەی \"سەرسووڕهێنەری بەرپرسانی زیندان بەرەوروو بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەیوان داودی زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە ماوەی ٦ ساڵە لە زینداندا راگیراوەو تووشی ئازار و \"عفونت\"ی لاق بووەو لە کاتێکدا ئامادەی بەرێ کردن بۆ لای پزیشکی نەشتەرگەری دەرەوەی زیندان بووە، بەرپرسانی زیندان پێیان گوتووە؛ \"با حیزبە کوردییەکان بێن نەشتەرگەریی لاقت بۆ بکەن\".

\"20997.jpg\"
مەترسیی بڕینەوەی لاقی کەیوان داودی زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد زیاتر بووە
کەیوان داودی، کە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بە توندی بەرەوڕووی ئەشکەنجەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات ببوویەوەو بەو هۆیەوە پلاتینی ناو لاقی شکاون و لاقێکی تووشی \"عفونت\" بووەو هەنووکە بەرپرسانی زیندان لە ناردنی ئەو زیندناییە سیاسییە کوردە بۆ دەرەوەی زیندان، خۆ دەبوێرن.

پێشتر یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی داودی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو، سەرەڕای ئەوەی کە دادستان و بەرپرسان رێگری لە ناردنی کەیوان بۆ دەرەوەی زیندان دەکەن، بنەماڵەکەشی توانای دابین کردنی تێچووی ئەو نەشتەرگەرییەیان نییە.

دەگوترێت، کە باوکی کەیوان داودی تەمەنی ٧٠ ساڵە و بەهۆی پەککەوتەیی و بە ساڵاچووییەوە ماوەی سێ ساڵە لە ماڵەوە گردەنشین بووە و توانی کار دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی نەماوە.

کەیوان داودی لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراو دواتر حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو سەرەڕای ئەوەی پارێزەریش بەدواداچوونی یاسایی بۆ پەروەندەکەی کرد و چەندین جار بنەمالەکەی نامەیان بۆ سادق لاریجانی نووسیبوو، حوکمەکەی وەکوو خۆی پشتراست کرایەوە.

ئەو زیندانییە کوردە، پیشتر بەهۆی رووداوی ماشینەوە لاقەکانی شکابوون و ئێسکەکانی هەر دوو لاقی بە پلاتین گرتبوویەوە، کە لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا پلاتینەکانی لاقی بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە شکابوون و پاش تێپەڕینی ٦ ساڵ نەشتەرگەری بۆ نەکراوەتەوە.