مێژوونووسێکی نەتەوەی کورد لە سینگی مێژوودا مایەوە

20:08 - 18 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەستێرەیەکی دیکەی مێژووی کوردستان بۆ هەمیشە لە دنیای قەڵەم و مێژوو ماڵئاوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"مامۆستا کەریم زەند\" گەڕیدە و مێژوونووسی کورد لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا کەریم زەند لە ساڵی ١٩٢٤ لە گەڕەکی \"مەڵکەندی\" سلێمانی لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٤٦ بەشداری لە کۆماری کوردستان لە مهاباد کردووە.

ئەو کلێتەی لە سەری مامۆستا کەریم زەند بووە و تا دوا هەناسە لە سەری نەکردەوە، یادگاری پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرکۆماری کوردستان بووە کە پێشەوا قازی سەردەمی کۆماری کوردستان وەک مامۆستایەکی دڵسۆز لە یەکەمین قوتابخانەی کوردیی گەلاوێژ پێشکەشی مامۆستا کریمی کردبوو.

مامۆستا کەریم زەند لە ماوەی تەمەنیدا نزیکەی ٣٠ تا ٤٠ کتێبی ئامادە کراو و دەستنووسی هەیە و هەروەها ١٥ کتێبی جۆراوجۆری هەیە کە خۆی لە بوارەکانی جوغرافیا و مێژووی کوردستاندا نووسیوویە.