مێعمارێکی بیناسازی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا

21:25 - 26 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵدەریی ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کورد لە شاری بوکان بە ناوی \"ئومید فەیزی زادە\" تەمەن ٣٢ ساڵە و کوڕی جەعفەر، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئومید مێعمارە و حەوتووی ڕابردوو بۆ جێبەجێ‌کردنی پڕۆژەی کارەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق کردبوو و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە هەرێم و لە کاتی گەڕانەوە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دەستبەسەرکراوە\".

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە ئومید، لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی بۆ ماوەی ٧٢ ڕۆژ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بە دانی بارمتە ئازاد کرا بوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئومید بە بیانووی کار کردن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی کردبێت.

هەتا کاتی بڵابوونەوەیی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نیە.