مێرمنداڵێکی کرماشانی چاوەڕوانی ئێعدام دەکات

14:49 - 14 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە زینداندا، چاوەڕوانی جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامەکەی لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکات.

\"میلاد عەزیمی\" کوڕی محەممەدئیبراهیم، مێرمنداڵێکی کوردە، کە بە تاوانی \"قیساس\" لە زینداندایه، ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ٩٢ی هەتاوی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە شەڕ لەگەڵ قوتابییانی شارەکی ڕوودەکی بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە دەسبەسەر کرا، دوای تێپەڕینی ٥ ساڵ لە زینداندا، ئەگەری هەیە ئێعدام بکرێت.

\"میلاد\" ڕێکەوتی ٣٠ی سەرەماوەزی ١٣٧٤ لە دایک بووە و کاتێک ئەو تاوانەی ئەنجام داوە، تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووه.

ناوبراو لە ڕەوتی دادگاییکردنیدا دانی بە کوشتنی هاوپۆلییەکەی خۆیدا هێناوە. بەڵام لە دادگادا وتوویەتی؛ من لە ژێر گوشاردا دانم بەو تاوانە داناوە. ئەو زیندانییە لە کۆتاییدا لە لقی یەکی دادگای کەیفەریی کرماشان بە تاوانی \"کوشتنی بەئەنقەست\" مەحکووم کرا و لقی ١٧ی دیوانی باڵای وڵات ئەو بڕیارەی پەسەند کرد.

میلاد دوای دادگاییکردنی و بڕانەوەی حوکمەکەی هەتا تەمەنی ١٨ ساڵی بۆ ناوەندی ئیسلاح و تەربیەت ڕاگوێزرا. دواتر بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ڕاگوێزراوە.

دایکی میلاد باسی لەوە کردووە، ئێمە بۆ نەجاتی گیانی کوڕەکەمان سەرەڕای ئەوەی کە دار و نەدارمان فرۆشت، بە یارمەتیی خێرخوازان بڕی ١٥٠ میلیۆن تمەنمان کۆ کردەوە. هەروەها کۆمەڵەی ئیمام عەلی بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بۆ کۆ کردینەوە؛ بەڵام بنەماڵەی کوژراوەکه داوای ٢٠٠ میلیۆن تمەنی دیکە دەکەن و بنەماڵەکەی پێیان ڕاگەیاندووین، ئەگەر ئەو بڕه پارەیه جێبەجێ نەکەن بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەدەن\".

یەکێک لە خزمەکانی میلاد بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕاگەیاندووە: \"بەڕێز عەباس بەیگی کە پارێزەری میلادە، داوای دادڕەسیی کردووە، داوای ماددەی ٩١ی کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکمان پێ نەدراوەتەوە\".

حکوومەتی ئێران ئەمساڵ ٥ مێرمنداڵی ئێعدام کردووە. لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا، لێبوردنی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە داوای لە بەرپرسانی حکومەتی ئیران کرد کە حوکمی ئێعدامی زیندانییانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ ڕابگرێت.

لێبوردنی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕایگەیاندووە، کە بەرپرسانی ئێران بە باشی ئاگادارن سزای ئێعدام پێشێلکردنی ئاشکرای بەڵێنییەکانە کە خودی حکوومەتی ئێران واژۆی کردووە.