مێرمنداڵێکی ناڕازی بە کوشتنی کۆڵبەران دەسبەسەر کرا

11:04 - 2 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان مێرمنداڵێکی ناڕازی بە کوشتنی کۆڵبەرانیان لە مەریوان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانبار، مێرمنداڵێکی مەریوانی بە ناوی "میلاد فەیزی‌ پوور"، تەمەن ١٥ ساڵ، لە سەرەتای بێلواری بێعسەتی مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو مێرمنداڵەدا، ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە داوە.

ئەو مێرمنداڵە کوردە بە هەڵگرتنی پلاکارت، بەنیسبەت کوشتاری کۆڵبەران و گیانلەدەستدانی "فەرهاد و ئازاد خوسرەوی"، دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی کە بەهۆی سەرمابردووییەوە لە کاتی کۆڵبەریدا گیانیان لەدەست دابوو، دژکردەوەی نیشان دا.

ڕۆژی هەینی، ٢٩ی سەرماوەز، تەرمی "فەرهاد خوسرەوی"، کۆڵبەری تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، پاش ٤ ڕۆژ گەڕانی بەردەوام لە ملەی "تەتە"ی هەورامان دۆزرایەوە.