مێرمنداڵێکی مەحكووم بە ئێعدام بە دەستی مەئموورانی زیندان کوژرا

19:03 - 14 خاکەلێوه 2720

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لە کوژرانی "دانیال زەینولعابدینی"، مێرمنداڵێکی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی مەهاباد کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، لە ئەنجامی شۆڕشی زیندانییان لە زیندانی مەهاباد، "دانیال زەینولعابدینی" و چەندین کەس لە زیندانییەکانی دیکە بە تۆمەتی وەڕێخستنی ناڕەزایەتی، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.

دانیال زەینولعابدینی پاش لێدانی مەئموورانی زیندان و برینداربوونی بە دەست مەئموورانی زیندانی مەهاباد، بۆ زیندانی میاندواو دوورخرابووەوە و لەوێدا جارێکی دیکە لەلایەن مەئموورانەوە ئازار و ئەشکەنجە کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی خاکەلێوە، لە زیندان پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە  و گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان پێڕاگەیاندووە. لەسەر جەستەی ئەو مێرمنداڵە ئاسەواری لێدان و ئازار و ئەشکەنجە بیندراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی دانیال زەینولعابدینی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە: "یەکێک لە هاودۆسییەکانی دانیال بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە، هەنووکە لە زیندانی میاندواو خەوێندراوە و ئەگەری گیانلەدەستدانی لە ئارادایە".

دانیال زەینولعابدینی کوڕی سەید ڕەزا، لەدایکبوونی ١٩ی گەلاویژی ساڵی ٧٩، بە تۆمەتی قەتڵێک کە لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ٩٦ ڕوویدابوو، دەسبەسەر و بە ئیعدام مەحکووم کرا.

دادگای کەیفەریی مەهاباد، ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧ حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاند و دواتر ئەو حوکمە لە لقی ٣٧ی دیوانی باڵای وڵات، پشتڕاست کرایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی خاکەلێوە، زیندانییانی دوو بەندی زیندانی مەهاباد، لە هەمبەر پێنەدانی مورەخەسی بەو زیندانییانە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

زیندانییان لەو ناڕەزایەتییەدا، پەتوو و هەندێک کەرەستەی زیندانیان ئاگر تێبەردا و لە هەوڵی هەڵاتن لە زیندان بوون کە لەلایەن مەئموورانی زیندانەوە تەقەیان لێکرا.