مێرمنداڵێکی قوربانیی تێزاو لە شاری شاباد گیانی لەدەست دا

17:07 - 22 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، مێرمنداڵێکی  قوربانیی تێزاو بە ناوی "ماهان عەسکەری" تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، پاش دوو ساڵ بەهۆی کاریگەریی برینەکانەوە، گیانی لەدەست دا.

ئەو مێرمنداڵە کوردە لە کاتی ئەو ڕووداوە تەنیا تەمەنی ١١ ساڵ بووە و لە کاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە تووشی ئەو ڕووداوە ببوو.

"ماهان عەسکەری"، پاش دوو ساڵ و چەندین جار نەشتەرگەری، ڕۆژی ڕابردوو گیانی لەدەست دا.

ئەو مێرمنداڵە، لەو ڕووداوە، هەر دوو چاو و سەر و پشتی بەهۆی تێزاو بریندار ببوو.

هەتا ئێستا هۆکاری تێزاوڕشتن بەو مێرمنداڵە شابادییە ڕوون نییە و تاوانبارەکەش لە زینداندایە.