مێرمنداڵێکی سەردەشتی کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا

14:17 - 28 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٧ی گەلاوێژ، مێرمنداڵێکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی \"زەکەریا ئەسووەک\" تەمەن ١٣ ساڵ کوڕی عەزیز، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێ، ئەو مێرمنداڵە کوردە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو مێرمنداڵە خەڵکی گوندی \"ڕەش هەرمێ\"ی شاری سەردەشت بووە.
پێشتریش، دوو کچە مێرمنداڵی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا بوو.

شوناسی ئەو کچە مێرمنداڵە جوانڕۆییە بە ناوی \"پەروین میرەکی\" تەمەن ١٧ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

هەروەها ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژ، \"مەهشا زەکی\" خەڵکی شاری سەردەشت دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتووی رابردوودا، ئەمە سێهەمین حاڵەتی خۆکوژی مێرمنداڵانە کە لە کوردستان ڕوو دەدات.