مێرمنداڵێکی دیکە لە شاری بانە دەسبەسەر کرا

13:34 - 18 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی دیکە لە شاری بانە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مێرمنداڵێکی دیکە کورد بە ناوی \"میلاد ڕەحیمی\"تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئەم مێرمنداڵە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو مێرمنداڵە کوردە، لە کاتی دەسبەسەر کرانیدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێی دراوە و لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم مێرمنداڵە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ‌ ئاکام ماوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی \"مێهدی کانی سووری و بارزان بابەکری\" خەڵکی گوندی \"کانی سوور\" سەر بە شاری بانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.