مێرمنداڵێکی خەڵکی سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

13:55 - 24 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی گەلاوێژ، کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی \"مەهشا زەکی\" تەمەن ١٦ ساڵ کچی مەسعود، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: خۆکوژی ئەو کچە مێرمنداڵە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بووە.

لە لایەکی دیکەوە، لاوێکی خەڵکی شاری نەوسوود و دانیشتووی شاری مەریوان لە گەڕەکی نەوبەهاری ئەو شارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شوناسی ئەو لاوە کوردە بە ناوی پووریا لهۆنی ڕاگەیەندراوە و سەرچاوە نافەرمییەکان هۆکاری خۆکوژی ئەو لاوەیان بۆ کێشەی بێکاری گەڕاندووەتەوە.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان لەوانەش هەژاری، نەبوونی پشتیوانی ماڵی، بێهیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئێراندان.