مێرمنداڵێک لە بەنداوی لەگزی گیانی لە دەستدا

14:45 - 13 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ

بەهۆی ناشارەزایی لە مەلە کردن خنکا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵە بەناوی \"ئەشکان وەلەدپوور\" خەڵکی گوندی لەگزی لەکاتی مەلەکردن لە بەنداوی لەگزی بەهۆی ناشارەزایی لە مەلە کردن گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١ی خەرمانانیش لاوێکی ٢٤ ساڵەی تر بەناوی \"ئارمان قەلعە\" لە هەمان بەنداو و لە نیزیک گوندی قەڵاکۆنی سەقز خنکا و دواتر تەرمەکەی لەلایەن خەڵکی ئەم گوندەوە دەرهێنرا.

هەروەها ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژیش لاوێکی تری تەمەن ٢٠ ساڵ لە هەمان شوێن خنکاوە کە بەم پێیە تەنیا لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا ٣ هاووڵاتی کورد لە بەنداوی لەگزی و لەکاتی مەلەکردندا گیانیان لەدەستداوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨ لاوی کوردی خەڵکی ناوچەی سەقز لە بەنداو و چۆماوەکانی ناوچەی سەقز، لە ئاودا خنکاون.

گرینگترین هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە بریتین لە ناشارەزایی هاووڵاتییان بۆ مەلە کردن، نەبوونی ئیمکانات و پەرژینی ستاندارد، نەبوونی تابلۆی هۆشداریدان لە شوێنە مەترسیدارەکان، نەبوونی تیمی فریاکەوتن و مەلەوانی.