٢٦ مێرمنداڵی کرماشانیی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ، منداڵیان بووە

20:25 - 13 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی بەفرانبار (لەماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا)، ٢٦ مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ لە ئوستانی کرماشان منداڵیان بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆی ٢٨ هەزار و ٨٥٢ منداڵ، کەلە ئوستانی کرماشان و لەماوەی ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە دایک بوونە، دایکی ٢٦ منداڵیان تەمەن ژێر ١٥ ساڵدا بووە.

بەرپرسی گشتیی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کرماشان رایگەیاندووە؛ لە کۆی ئەو ٢٦ منداڵە ١٤ منداڵیان کوڕ و ١٢ منداڵیشیان کچ بوونە و لە ماوەی ئەو ١٠ مانگەشدا ٣ کوڕ و ٨ کچ لە دایک بوونە کە دایکیان تەمەنیان لەسەرەوەی ٤٩ ساڵدا بووە.

ئەحەد جوودی باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی ئەو ١٠ مانگەدا ٩ ژن بەهۆی ئاسەواری سک‌پڕی و منداڵبوونەوە گیانیان لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە زۆربەی هاووڵاتییانی ئوستانی کرماشان گلەییان لە ئیدارەی \"تۆمار کردنی باری کەسیەتی (ادارەی ثبت احوال) دەربڕیوە و دەڵێن، کە ئیدارەی ناوبراو بۆ دانانی ناوی کوردی لەسەر منداڵاەکان بە بیانووی جۆرواجۆر رێگری دەکات.

هاوکات بەرپرسەی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کرماشان لە سمیناری \"فەرهەنگی ناو لێنان لە منداڵ\" کە سەرەتای مانگی رێبەندان لە شاری کرماشان بەڕێوە چوو، رایگەیاندبوو، \"ئاماری ناوی رۆژئاوایی رووی لە زیادبوون کردووە و پێویستە بەرپرسان رێگەچارەیەک بدۆزنەوە.

هاوکات جێگری سیاسی و ئەمنیەتیی ئوستانی کرماشان لەو سمینارەدا بۆ پاساو هێنانەوە لەمەڕ رێطگری کردنی ناودانانی کوردی بۆ منداڵان رایگەیاندبوو؛ \" ئەگەر ناوی خەلیفە و ئیمامان لەسەر منداڵەکان دابندرێت، لە داهاتوودا دەتوانێ خسڵەتی خواوەندی لە خۆیدا کۆبکاتەوە و ئاوێتەی ئەخلاقی خواوەندی بێت\".