مینی بەجێماوی کۆنە پایەگایەک لە مەهاباد، بنەماڵەیەکی کردە قوربانی

21:36 - 26 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگەیەکی سوپای پاسداران لە ناوچەی مەهاباد، کوژراو و برینداربوونی بنەماڵەیەکی ٥ کەسیی خەڵکیناوچەی مەهابادی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ، ٥ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی گوندی \"بەردە رەشان\"ی ناوچەی مەهاباد بوونە قوربانی.

لەو رووداوەدا سەمەد بێباک، باوکی ئەو بنەماڵەیە گیانی لەدەست داوە.

چوار ئەندامەی دیکەی ئەو بنەماڵەیە، بەهۆی برینەکانیانەوە لە ناوەندێکی دەرمانیی شاری مەهاباد لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو بنەماڵەیە رۆژی چوارشەممە لە نزیک کۆنە پایەگەی گوندەکەیان سەرقاڵی دەسکەنەی نۆک بوون، کە کەرەسەیەکی ئاسنیان دۆزیوەتەوەو بە گومانی ئەوەی ئاسەوارێکی مێژووی بێت، لەگەڵ خۆیاندا بردوویانەتەوە بۆ ماڵەوەو دەستکارییان کردووە.

لەو تەقینەوەیەدا، منداڵێکی کەم تەمەن بە ناوی \"هۆشیار بێباک\" و ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە ناوی \"مریەم ئیبراهیم‌پوور\" بە توندی بریندار بوون و دوو کچی گەنج بەناوی \"گوڵزرا بێباک و لەیلا ئەڵڵاپوور\" بریندار و کەمئەندام بوونە.

گوندی بەردەڕەشان لە مەودای نێوان شارەکانی مەهاباد و میاندواو لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هەڵکەوتووە و بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی مەهاباد، دەوروبەری ئەو کۆنە پایەگایە، هیچ جۆرە هێمایەکی ئاگادار کەرەوەو تەنانەت تێل دڕووشی لێ نییە.

هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کرماشان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئیلام و کوردستان، لە دوای شەڕی نێوان ئێران و ئێراق بەم لاوە، بەهۆی مین‌ڕێژکرانی سنوورییەکانەوە لە دۆخێکی نائەمن و پڕ مەترسیدا ژیان بەسەر دەبەن و تەنانەت لە قووڵایی کوردستانیشدا مووچە و مەزرای هاووڵاتییان بە بیانووی حوزووری هێزە کوردییەکانەوە، لەلیەن سوپای پاسدارانەوە مینڕێژ کراون.

پێشتریش لە گوندی نشکاشی سەربە شاری مەریوان، ٧ منداڵی کورد، کە تەمەنیان لە نێوان ٨ هەتا ١٠ ساڵدا بوو، بەهۆی تەقینەوەی مین تووشی برینداری و کەمئەندامی هاتبوون.