٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس لە ئێراندا گیرۆدەی هەمیشەیی ماددە هۆشبەرەکانن

14:18 - 6 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی ڕابردوودا، ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس لە ئێراندا، ڕۆژانە بە بەردەوامی ماددەی هۆشبەریان بەکار بردووە و ئەم ڕێژەیەش دوو بەرانبەری ئاماری ساڵی ٩٠ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی \"فرارو\" زۆرترین بەکارهێنەر لە نێو ماددە هۆشبەرەکاندا، \"تریاک\" و لێگیراوەکانی تریاک بووە.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە دەکات

لە ساڵی ڕابردوودا، ٧٥٠٠ کۆرپەی گیرۆدەبوو بە ماددەی هۆشبەر لە دایک بووە.
کەمترین ماوەی دەستپێڕاگەیشتن بە ماددەی هۆشبەر دوو خولەکە.

لەسەدا ٦٥ی زیندانییەکان پەیوندییان بە ماددە هۆشبەرەوە بووە.

ڕێژەی گیان لە دەستداوانی گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەر ٦٪ بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیووە.

ڕۆژانە ٨ کەس بە هۆی تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا، گیانیان لە دەست داوە.

ڕۆژانە ١٠٠ کەس گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر بووە.

لەسەدا ٢٢ی کرێکارانی ئێران، ماددەی هۆشبەر بەکار دەبەن.

بەکاربردنی \"دخانیات\" لە نێو کچەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە و ماددە هۆشبەری \"گوڵ\" لە نێو کچەکان زۆرترین بەکارهێنەری هەیە.

١١ لەسەدی خوێندکاران بە شێوەی حیرفەی لە ماددەی هۆشبەر کەڵک وەردەگرن.

١٤.٨٪ بەکارهێنەرانی ماددە \"روانگردانـ\"ـی \"گل\"، خوێندکارانن و ٣.٧ بەکارهێنەرانی قوتابین.

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، گیرۆدەبووان بە ماددەی هۆشبەر دەستیان داوەتە توندوتیژی کە پێشتر ئەو چەشنە حاڵەتانە نەبینراوە.

بە وتەی یەکێک لە کارناسانی گشتیی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ٢٨ لەسەدی خەڵک ڕوانگەی ئەرێنیان بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەیە.

ئامارە نافەرمییەکان باس لە بوونی چوار میلیۆن تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێراندا دەکەن، هەروەها بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بە شێوەی کاتی و بۆ ڕابواردن \"تفنن\" ماددەی هۆشبەر بەکار دەبەن.